سەرۆکی چاودێرانی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێری هەڵبژاردن، ڤیولا ڤۆن کرامۆن بەردەوامە لە چاودێریکردن لە بەغدا و بەسڕە
سەرۆکی چاودێرانی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێری هەڵبژاردن، ڤیولا ڤۆن کرامۆن بەردەوامە لە چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا و بەسرە کۆبووەوە، لەوانەش لەگەڵ بەرپرسانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بەرپرسانی حکومی، کاندیدەکان و نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی، چاودێرانی ناوخۆ، نوێنەرانی میدیا و ئەوانی تر.
خاتوو ڤۆن کرامۆن گووتی، '' گرنگە بۆ من کە نەک تەنیا لە بەغدا بەڵکو لە دەرەوەی پایتەختیش بەدواداچوون بکەم بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکان.'' هەروەها دەڵێت'' لە کاتێکدا کە لە مانگی ئەیلولدا چەند ڕۆژێکم لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەسەر برد، ئەم جارەی سەردانی باشوورم کرد. سەرۆکی چاودێران دەشڵێت ''ئامانج تەنها ئەوە نییە کە خۆم تێگەیشتنێکی زۆر باشم هەبێت بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن لە سەرانسەری وڵات؛ بەڵکو بە هەمان شێوە گرنگە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەنگدەران لە هەموو شوێنێک کە بە ڕوونی لە ئەرک و میتۆدی نێردەی چاودێری هەڵبژاردنی یەکێتی ئەوروپا تێبگەن"
سەرۆکی چاودێران جەخت دەکاتەوە کە '' نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێری هەڵبژاردن لێرەیە لەسەر بانگهێشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەرکی ئێمە ئەوەیە چاودێریی بکەین و ڕاپۆرت بدەین لەسەر پرۆسەکە.'' ئەو دەشڵێت، '' ئێمە تەماشا دەکەین، دەستێوەردان و سەرپەرشتی ناکەین. هەروەها ئێمە بە تەواوی سەربەخۆین و جیاین لە یەکێتی ئەوروپا و دامەزراوەکانی عێراق یان هەر دەستەیەکی تری چاودێریکردنی هەڵبژاردن یان نێردەیەکی هاوکاریی لە وڵاتدا''
لە 8ـی ئۆکتۆبەر، ڤیولا ڤۆن کرامۆن چاودێری دەنگدانی تایبەت دەکات و لە 10ـی ئۆکتۆبەر چاودێری ڕۆژی دەنگدانی گشتی دەکات. بە گشتیی، نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێری هەڵبژاردن نزیکەی 90 چاودێر بڵاوە پێدەکات لە ڕۆژی هەڵبژاردندا، کە شاندێکی حەوت ئەندامی لە پەرلەمانی ئەوروپاوە و نزیکەی 50 دیپلۆمات لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، کەنەدا و نەرویج دەگرێتە خۆ کە وەک بەشێک لە نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێری هەڵبژاردن چاودێریی دەکەن.
دوای دوو ڕۆژ لە ڕۆژی هەڵبژاردن و لە 12ـی ئۆکتۆبەردا، سەرۆکی چاودێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا، دەرئەنجام و دۆزینەوە سەرەتاییەکانی نێردەکە پێشکەش دەکات، لە کاتێکدا چاودێرانی نێردەکە بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی پێشهات و پەرسەندنەکانی دوای هەڵبژاردن لە سەرانسەری وڵات. سەرۆکی چاودێران ڤۆن کرامۆن ڕاپۆرتی کۆتایی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێری هەڵبژاردن نزیکەی دوو مانگ دوای هەڵبژاردنەکان پێشکەش دەکات. هەروەها ڕاپۆرتەکە ڕاسپاردە و پێشنیاز لەخۆ دەگرێت بۆ باشترکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.