نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن ڕاپۆرتی کۆتایی وڕاسپاردەکانی خۆی پێشکەش دەکات

23.02.2022
Baghdad

بەغدا- ٢٧ی شوبات٢٠٢٢- ئەمڕۆ، نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق (EU EOM) هەستا بە پیشکەشکردنی ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ . ڕاپۆرتەکە کۆمەڵێک ڕاسپاردەی گرتۆتە خۆ بۆ خاوەن بەرژەوەندی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.

سەرۆکی چاودێران خاتوو ڤیۆلا ڤۆن کڕامۆن، کە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایە لە وڵاتی ئەڵمانیاوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری بەغدا، روونیکردەوە کە نێردەکە گەڕاوەتەوە عێراق بۆ پێشکەشکردنی راپۆرتی کۆتایی  خۆی بۆ دەستەڵاتدارانی وڵاتی عێراق و تاوتوێکردنی ئەم ڕاسپاردانەی  کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوون. ڕاپۆرتی کۆتایی یەکێتی ئەوروپا هەڵسەنگاندنێکی گشتگیرە بۆ کۆی پڕۆسەی هەڵبژاردن و پشت بەو دەرئەنجامە کۆتاییانە دەبەستێت کە لە ڕاگەیێندراوی سەرەتاییدا ئاماژەیان پێکرابوو، کە بەماوەیەکی کورت لەدوای هەڵبژاردنەکانی مانگی (١٠)ی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە.

 

خاتوو ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن لەمیانی قسەکانیدا ووتی:" ئەو دەرئەنجامەی کە ڕاپۆرتی کۆتایی نێردەی ئەوروپی پێیگەیشتووە ئەوەیە کە هەڵبژادەنەکە لە ڕووی تەکنیکیەوە باش ڕێکخرابوو، پێشبڕکێکردن هەبوو و  بانگەشەکانی هەڵبژاردن تا ئاستێکی زۆرهێمن و ئارام بوون، و بووە هۆکاری ئەوەی خەڵکێکی زۆر بەشێوەیەکی ئاگایانە بڕیاری خۆیان بدەن. پڕۆسەی دەنگدان تا ئەندازەیەکی زۆر بە ئاشتیانە بەڕێوەچوو، ڕێکخراو بوو، و بەشێوەیەکی گشتی دەنگدەران توانیان ئازادانە گوزارشت لە ئیرادەی خۆیان بکەن."  هەروەها سەرۆکی چاودێران لە درێژەی قسەکانی خۆیدا گووتی کە: " لەگەڵ ئەمەشدا، یاسایی هەڵبژاردن کۆمەڵێک کۆتو و بەندی  ناپێویستی خستۆتە سەر مافەکانی هەڵبژاردن، و خەرجکردنی ناڕێکی پارە بۆ بانگەشەکانی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی نەرێنیانە کاریگەری هەبوو لە سەر  پێشبڕکێکردنێکی یەکسان، هەروەها لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەشێویەکی دروست ئازادی بۆ هۆکارەکانی ڕاگەیاندن و  ڕادەربڕین دەستەبەر نەکرابوو، سەرەڕای ئەوەی کە  بە خشتەکردنی دەرئەنجامەکان و ڕاگەیاندنی دەرئەنجامەکان شەفاف و ڕوون نەبوو".

 

خاتوو ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن ووتی کە ڕاپۆرتی کۆتایی ٢٣ ڕاسپاردە دەگرێتە خۆ بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، وحەوت ڕاسپاردەیان لە ڕووی گرنگیەوە ئەولەویەتیان هەیە بەسەر ئەوانیتردا.نێردەی یەکیەتی ئەوروپا بۆ چاودێری هەڵبژاردن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چاوی بەلایەنە دەسەڵاتدار وپەیوەندیدارەکانی زۆربەی  ناوچەکان دەکەوێت لە پێناو ئەنجامدانی گفوگۆسەبارەت بەم چاکسازییە پێشنیارکراوانە.

 

سەرۆکی چاودێران گووتی: ڕاسپاردە گرنگ و خاوەن ئەولەویەتەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو مەرجانە دەکەن کە دەبێت هەموو دەنگدەران لەکاتی دەنگداندا توانای یاسایی تەواویان هەبێت و لابردنی ئەو کۆت و بەندە ناڕەوایانەی کە خراونەتە سەر مافی خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنەکان. هەروەها پێشنیاری بڵاوکردنەوەی دەرئەنجامەکان دەکەن بەشێوەی هەنگاو بە هەنگاو لە میانەی پڕۆسەی بڵاوکردنەوەی  خشتەی دەرئەنجامەکاندا. هەروەها  بڵاوکردنەوەی هەردوو ئەنجامی سەرەتایی و کۆتایی کە بە گوێرەی بنکەکانی دەنگدانەوە دابەشکراون و دیاریکردنی وادەی کۆتایی ڕوون  و دەسەڵاتی ڕوون بۆ هەر قۆناغێکی دیاریکراو لە چارەسەرکردنی کێشمەکێشەکانی هەڵبژاردن. هەروەک پێشنیار دەکەن کە بەخشین و خەرجیەکانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن سنوورداربکرێن، بۆ دیاریکردن و لێکجیاکردنەوەی رێکارەکانی ناوزڕاندن و بوختانکردن لەگەڵ زانیاری رەوا بەشێوەیەکی ورد و رەتکردنەوەی هەژمارکردنیان بە تاوان، لەگەڵ دەرکردنی یاسایەکی گشتی و تێروتەسەل بۆ پاراستنی زانیاریەکان.

 

خاتو ڤیۆلا ڤۆن کڕامۆن جەختی لەسەر ڕاسپاردەکان کردەوە و ووتی: "ئەم ڕاسپاردانەمان بریتین لە کۆمەڵێک پێشنیار بۆ  بۆ ڕەچاوکردن لەلایەن هاوڵاتیانی عێراقەوە. ئەمانە کۆمەڵێک پێشنیارن ئامانجیان پێشخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانە لە داهاتوو، وبەهێزکردنی دیموکراسیەتە لە عیراقدا، بەڵام کۆتا بڕیارەکە لەدەستی دەسەڵاتداران و کۆمەڵگەی مەدەنی بەرفراوانی عێراقدایە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر جێبەجێکردنیان بدەن.

 

خاتوو ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن ڕوونیکردەوە کە ئەم سەردانی گەڕانەوەیە دواهەمین چالاکی  نێردەی یەکێتی ئەوروپایە بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق (EU EOM). لێرە بەدواوە، شاندی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، پاڵپشتی و هاوکاری دەستەڵاتەکانی عێراق و کۆمەڵگەی مەدەنی عیراق دەکەن لە هەوڵ و کۆششەکانیاندا بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان.

 

لەسەر  بانگهێشتی دەسەڵاتدارانی عێراق، یەکێتی ئەوروپا هەڵسا بە ناردنی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان بۆ عێراق لە ماوەی نێوان ٢٨/٨ تاوەکو ٣١/١٠/. کۆی ئەندامانی ئەم نێردەیە پێکهاتبوون لە نزیکەی ١٠٠ چاودێر لە ٢٢ وڵاتی ئەندام لە یەکیەتی ئەوروپا لەگەڵ هەریەک لە نەرویج و کەنەدا. ئەرکی نێردەکە بریتی بوو لە هەڵسەنگاندی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان  لە ڕووی پابەندبوونی عێراق بە ئیلتیزامات و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دیموکراتیانە و سەرباری پابەندبوون بە یاسا عیراقیەکانەوە.                                                                                                                                                 

 

تەواوی ڕاپۆرتەکە بەردەستە لەسەر ماڵپەری نێردەی یەکیەتی ئەوروپا (EU EOM):  iraq2021.eueom.eu