هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنەکان و دروستکردنی متمانە: چوار ڕۆژ لەعێراق لەگەڵ سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوڕپا بۆ چاودێری هەڵبژاردن، ڤیولا ڤۆن کرامۆن
ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن کەمێک دوای نیوەشەو، و گەشتێکی درێژ لە ئەوروپاوە، گەیشتە ناوچەی سەوز لە بەغدا. دوای چەند کاتژمێرێک و کۆبونەوەیەکی پێشوەختی بەیانیان، خاتو ڤیۆلا لە ناو ئۆتۆمبێلدایە و ئامادەی کۆبوونەوەیە. سەرەتای چوار ڕۆژی سەخت لەگەڵ کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنی یەک لە دوای یەک لە بەغدا و هەولێر و هەروەها دوو کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی. ئەم ئەندامە ئەڵمانییەی پەرلەمانی ئەوروپا وەک سیاسەتمەدار سەردانی عێراقی نەکردوە، بەڵکو سەرۆکی نێردەی یەکێتی ئەوڕپایە بۆ چاودێری هەڵبژاردن، کە لە ئێستادا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی 10ی ئۆکتۆبەر لە عێراق ئامادەن.
خاتو ڤۆن کرامۆن گەیشتە بارەگای دەستەی هاریکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق (UNAMI) بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردنەکان، ڤۆن کرامۆن بڕیاری دا بە قادرمە سەرکەوێت نەوەک ئەسانسۆر. ئەوە ئاشکرایە کە ڤۆن کرامۆن ئەنجامدەرە و نەوەک کەسێک کە نەیەوێت کار ئەنجام نەدات. ئەو یەکەم جار چاوی بە لایەنی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەوێت چونکە ئەوان یارمەتیدەری تەکنیکی سەرەکین بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
کاری لە پێشینەی سەرۆکی چاودێرانە کە بە ڕاشکاوی پەیامە سەرەکیەگرنگەکانی نێردەکە ڕوونبکاتەوە کە پێکهاتووە لە: سەربەخۆیی، بێلایەنی، دەستوەرنەدانی چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا. ئەمانە بنچینەی سەرەکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێری هەڵبژارەدنە لە پێشکەشکردنی شیکردنەوەیەکی باوەڕپێکراو و گشتگیر بۆ هەڵبژاردنەکان.
لەدیدارەکەدا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چەند کاتژمێرێک دواتر نەک تەنیا شێوازی کارکردن و میتۆدی نێردەکە ڕووندەکاتەوە، بەڵکو جەختیشی لەسەر گرنگی هەڵبژاردنەکان کردەوە و ووتی: " ئەم هەڵبژاردنانەی عێراق دەکرێت وەک رووداوێکی مێژوویی بۆ یەکێتی ئەوروپا و عێراق تەماشابکرێت". هەروەها سەرۆکی چاودێرانی نێردەکە ووتی: "ئەوە یەکەمین جارە کە یەکێتی ئەوروپا لەم وڵاتەدا ئەرکی چاودێریی دەگرێتە ئەستۆ، و بڕیاری بڵاوەپێکردنی چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا هێمای بەهێزی پابەندبوونی ئەوروپایە بۆ بەهێزکردنی زیاتری دامەزراوە دیموکراتییەکانی عێراق، من زۆر شانازی دەکەم بە سەرۆکایەتی کردنی ئەم نێردەیە ".
کاتێک ڤۆن کرامۆن لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای عێراق، سەرۆک کۆماری عێراق، سیاسەتمەداران، کاندیدەکان، چالاکوانان و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی یان بەرپرسان کۆدەبێتەوە، هەمووان زۆر بەخێرهاتنی ئامادەبوونی چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا دەکەن و ئومێدەوارن ئامادەبوونیان جیاوازی دروست بکات.
ڤۆن کرامۆن دەڵێت: "بیستنی کاردانەوە ئەرێنیەکان لە هەموو شوێنێکەوە دەریدەخات کە بڵاوەپێکردنی نێردەیەکی چاودێری هەڵبژاردن بۆ ئەم هەڵبژاردنە گرنگانە بڕیارێکی درووست بوو." و دەشڵێت:" هەرچەندە پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە ئەمانە هەڵبژاردنی هاوڵاتیتانی عێراقن و ئێمە لێرەین بۆ چاودێریکردن و شیکاری کردن. چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا دەستتێوەردان ناکەن و سەربەخۆن لەهەر دامەزراوەیەکی یەکێتی ئەوروپا و عێراقی" ئەمە ئەو گووتەیەیە کە بەردەوام تیشکی دەخاتە سەر، چ لە کۆبوونەوەکاندا بێت، یان لە دوو کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی رابردوو یان لە چەندین چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیدا بێت.
هەروەها ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی ئەمە گرنگە: " لەعەرەبیدا دوو وشە هەیە بۆ چاودێر. یەکێک بۆ سەرپەرشتیار، کە هەڵەکان ڕاست دەکاتەوە یان تەنانەت چاودێری هەڵبژاردنەکان دەکەن، و ووشەیەکی تر بۆ چاودێر کە بە ڕاشکاوی تەنیا کاری تەماشاکردنە،". ئەرکی نێردەی یەکێتی ئەوروپا دەکەوێتە چوارچێوەی دووەمیان. ڤۆن کرامۆن دەڵێت "جیاوازی تەنها لە وشەکان نییە. تێگەیشتنی هەڵە دەکرێت دەرئەنجامی زۆر گەورەی هەبێت. پێویستە وابکەین خەڵک متمانەیان بە نێردەی یەکێتی ئەورپا بۆ چاودێری هەڵبژاردن هەبێت، ئەگەر متمانەیان بە ئیمە نەبێت، ناتوانین بەشداربین لە دروستکردنی متمانە لای دەنگدەران لە پرۆسەی هەڵبژاردندا " هەروەها سەرۆکی چاودێران دەڵێت: "هەر چەند هاوڵاتیان زیاتر بێنە دەرەوە بۆ دەنگدان، باشتر خواستی هاوڵاتیان ڕەنگدەداتەوە سەر ئەنجامەکان".
بابەتی دووەم کە بە بەردەوامی دووبارەی دەکردەوە، ئەوەیە کە نێردەکە لەسەر بانگهێشتکردن هاتووە بۆ عێراق، سەرۆکی چاودێران ڕونیدەکاتەوە کە "یەکێتی ئەوروپا لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بانگهێشت کراوە. نوێنەری باڵا و جێگری سەرۆک جۆزێپ بۆرێل بانگێشتەکەیان هەڵسەنگاند و بڕیاردرا کە مەرجە گشتییەکان بۆ هەڵبژاردنی دیموکراتی لەجێی خۆیاندایە".
لەئێستادا بۆ ئەوەی بەڕاستی بزانرێت پرۆسەکە تاچەند لەگەڵ پێوەرەکانی هەڵبژاردنی دیموکراسیانە دەگونجێت لەلایەن چاودێرانی یەکێتی ئەوروپاوە هەڵسەنگاندنی بۆدەکرێت: سەرۆکی نێردەکە ووتی: "شێوازی کارکردنی ئێمە شیکردنەوەی هەموو ڕەهەندەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن و چاودێریکردنی هەموو لایەنەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندنی پێوەرەکانی پرۆسەکەیە لەگەڵ یاسا ناوخۆییە عێراقیەکان وپێوەرە نێودەولەتی و هەرێمییەکانی هەلبژاردنی دیموکراتییە.هیچ کام لەم پێوەرانە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە نەسەپێندراون. ئەم پێوەرانە لە پابەندبوونی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنی دیموکراتی رەنگیداوەتەوە کە وڵاتی عیراق رەزامەندی لەسەر داون.
گرنگە لە ماوەی یەکەم سەرداندا سەرۆکی چاودێری نێردەکە ئەم پەیامانە چەندین جار و بە شێوەیەکی فراوان بڵێتەوە. تەنانەت لەکۆتا دیداری خۆیدا لەهەولێر لە ئێوارەخوانێکی کارکردن لەگەڵ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، شێوازی کارکردن و میتۆد و پرسیارەکانی پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردنی شیکردەوە. پاشان لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، سەرۆکی لێژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردن، جێگری نوێنەری تایبەتی UN، نوێنەرانی پێکهاتەکان، دیپلۆماتکاران، سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق و ڕۆژنامەنووسان و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان کۆبووەوە.
دووبارە دوای نیوەشەو بوو کە ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن بە گەشتی ئاسمانی ژمارە 317 TK لە هەولێرەوە بەرەو ئەستەنبوڵ بەڕێکەوت. و درەنگانی هەمان رۆژ گەڕایەوە ئەڵمانیا. بۆ ئەوەی جارێکی تر بەمەبەستی هەڵبژاردنەکان بگەڕێتەوە: ئەمجارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بوو، کە خۆی پابەند کردبوو بۆ پشتگیریکردنی هەڵمەتی دەرگا بە دەرگای حزبەکەی و کاندیدە ناوخۆییەکانی. سەرەڕای ئەرکەکانی تری لە پەیوەندی بەردەوام دایە لەگەڵ نێردەکە و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ هەموو پەرەسەندنەکان دەکات.
سەرۆکی چاودێر لە ماوەی نزیکەی دوو هەفتەدا دەگەڕێتەوە بۆ عێراق بۆ کۆبوونەوەی زیاتر و دیدار و چاوپێکەوتنی میدیایی. هەروەها پلانی هەیە لە ڕۆژی هەڵبژاردندا خۆی چاودێری دەنگدان بکات و دوای دوو ڕۆژ لە هەڵبژاردن، لە 12ی ئۆکتۆبەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا نێردەکە ڕاپۆرتێکی بەرایی لەسەر پرۆسە و دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشکەش بکات. ڕاپۆرتی کۆتایی لەگەڵ ڕاسپاردەکان نزیکەی دوو مانگ دواتر بڵاودەکرێتەوە.