پرسیاری هەموو پرسیارکەران و بۆچی ناکرێت وەڵامەکە جەماوەری بێت!
" تاوەکو ئێستا پرۆسەی هەڵبژاردنەکان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟" ئەمە ئەو پرسیارەیە کە بە دڵنیاییەوە لە هەموو کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکاندا لێمان دەکرا، هەروەکو چۆن دڵنیاین لە هەڵهاتنی خۆر کە وەک تۆپەڵە ئاگرینێک دەردەکەوت لە رۆژهەڵاتی شاری بەغداوە. بەڵام "ئێمە لەم قۆناغەدا ناتوانین هیچ لێدوانێک بدەین".
هەروەکو سەرۆکی چاودێران خاتو ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن ئاماژەی پیدەدات، "پرسیارکردن دەربارەی دەرئەنجامەکان کە ئێمە پێی گەییشتوین پرسیارێکی دروست و گرنگە". لەبەرئەوەیە کە ئێمە لە ووڵاتی عێراقین: بۆ هەڵسەنگاندنی چۆنیەتی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام ئێمە ناتوانین بەر لە رۆژی هەڵبژاردن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە. ئەگەر هاتو نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆچاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، ئەوا نێردەکە ڕووبەڕووی مەترسی سەرپێچیکردن لە یەکێک لە بنەما سەرکیەکانی خۆی دەبێتەوە کە بریتییە لە بنەمای: "دەستوەرنەدان لە پرۆسەی هەڵبژاردن".
خاتو ڤۆن کرامۆن روونیدەکاتەوە کە " ئەم بنەمایە لە نێو ڕێسا تۆکمەکانی رەفتار و هەڵسوکەوتدا مسۆگەر کراوە و لە ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن ٢١ ڕێزلێگیراوترین رێکخراوەکانی چاودێریکردنی هەڵبژاردن لە سەرانسەری جیهاندا پەسەند و پشتگیری کراوە. ئەمەش بنەمایەکی ئیلزامکەرە بۆ نێردەکانی چاودێریکردنی هەڵبژاردنی سەربە یەکێتی ئەوروپا".
بەڵگەکە دەڵێت: "پێویستە نێردەی چاودێرە نێودەوڵەتییەکانی هەلبژاردنەکان، بە گوێرەی توانا، هەستن بە پێشکەشکردنی پێشنیار و ڕاسپاردە لە پێناو پەرەپێدانی نەزاهەت و بێخەوشی و کارایی پرۆسەکانی هەڵبژاردن و ئەم پرۆسانەش کە پێیەوە پەیوەندیدارن، هاوکات لەگەڵ دەستوەرنەدان و دواتریش پەکنەخستنی ئەم جۆرە پرۆسانە".
وەک خاتوو ڤۆن کرامۆن دەڵێت:" ئێمە وەک نێردەی یەکێتی ئەوروپا بەتەواوەتی لەم سەخڵەتبوونە تێدەگەین کاتێک کە هیچ لێدوانێک نادەین. خەڵک چاوەرێی ئەوە لە ئێمە دەکەن کە شتێک بڵێین. زۆربەی جار چاوەڕوانی ئەوەمان لێدەکەن ببینە ئەو ناوبژیوانەی کە بڕیاردەدات چی دروستە و چیش هەڵەیە، بەڵام ئێمە تەنها چاودێرین. ئێمە نە سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکەین و نە رێنمایش دەدەین. هەروەها ئێمە بێلایەن و سەربەخۆین و نوێنەرایەتی بەرژەوەندی هیچ کەس و لایەنێک ناکەین".
خاتوو ڤۆن کرامۆن سەرۆکی چاودێرانی نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێری هەڵبژاردن دەڵێت: " بۆئەوەی هەڵوێستەکە زیاتر روونببێتەوە، رێگەمان بدەن نموونەیەکی سادە لەسەر یاری تۆپی پێ بهێنینەوە". ئەو زیاتر روونیدەکاتەوە و دەڵێت:" لە گۆڕەپانی یاریەکەدا دوو تیم هەن، و ناوبژیوانێکیش هەیە لەگەڵ یاریدەدەرەکانی. تیمەکان بریتین لە کاندیدەکان و پارتە سیاسیەکان، و ناوبژیوانیش بریتیە لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دادگاکان و دامودەزگا رێکخەرەکانی تر. دواتریش دەبینین کە هاووڵاتیان لە سەر کورسیی هاندەرانی یاریگاکەدا دانیشتوون. چاودێرانی یەکیەتی ئەوروپا لەسەر کورسییەکانی هاندەران دانیشتوون". "ئێمە بانگهێشت کراوین بۆ چاودێریکردن".
" ئەگەر هاتوو هاندەران و بینەری یاریەکە لە ناکاو ڕابکەنە نێو گۆرەپانی یاریەکە، بۆئەوەی بە تیمەکان بڵێن چۆن یاری بکەن یان هەستن بە ڕاستکردنەوەی بڕیارەکانی ناوبژیوان، ئەوا فەوزا و پەشێویەکی زۆر لە نێو یاریگاکەدا دروست دەبێت. زۆر گوونجاوتر دەبێت کاتێک یارییەکە کۆتایی دێت، شیکردنەوە بکرێت- پاشان راپۆرت و ڕاسپاردەکان پێشکەش بە تیمەکان و ناوبژیوان بکرێت، و پێشنیاری چۆنیەتی ئەنجامدانی یاریەکی باشتر بکرێت لە جاری داهاتوودا".
ئەمەی سەرەوە رێک ئەم کارەیە کە نێردەی یەکیەتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژادنی عێراق ئەنجامی دەدات: "دوای دوو رۆژ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، نێردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری بەغداد هەڵدەستێت بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی سەرەتایی. ئەم ڕاگەیەندراوە رەنگدانەوەی گرنگترین دەرئەنجام و دۆزینەوەکانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن دەبێت تا چرکەساتی ڕاگەیەندراوەکە. هەروەک سەرۆكی چاودێران ئاماژەی پێدەدات؛ ئەم راگەیەندراوە پێی دەگوترێت سەرەتایی، چۆنکە هێشتا پرۆسەی هەڵبژاردنەکە کۆتایی پێنەهاتووە. نزیکەی دوای دوو مانگ لە پرۆسەی هەلبژاردن، راپۆرتی کۆتایی، هاوکات لەگەڵ ڕاسپاردەکان بڵاودەکرێتەوە. هەروەها ئەم راپۆرتە بۆ ڕایی گشتی بەردەست دەبێت و ڕاسپاردەکانیش لەگەڵ سەرجەم خاوەن بەرژەوەندیەکانی نێو پرۆسەی هەلبژاردندا تاوتوێ دەکرێن.
سەرەڕای ئەمەش پرسیارێک کە دەمێنێت ئەوەیە: ئەو بەها زیادکراوانە چییە کە چاودێرانی یەکێتی ئەوروپا پێشکەشی دەکەن بۆ ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانیە؟ "لە پێناوی فەراهەمبوونی هەڵبژاردنێکی دیموکراسی و راستەقینەدا، زۆر گرنگە کە هاوڵاتیان بتوانن بەشێوەیەکی ئازادانە نوێنەرەکانی داهاتووی خۆیان لە پەرلەمان و سەرکردەکان هەڵبژێرن. بوونی نێردەیەکی چاودێری نێودەوڵەتی، کە بە ووردی و لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ سەرجەم ڕەهەندەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکات لە سەرانسەری وڵاتدا، دەشێت رێگربێت لە ساختەکاریی و ترساندن وهەروەها دواتریش بەشداری بکات لە درووستکردنی متمانەی هاوڵاتیان بە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان. هەرچەندە ژمارەی دەنگدەران زیاتر بێت کە بەشداریی لە پرۆسەی دەنگداندا دەکەن، دەرئەنجامەکان باشتر گوزارشت لە خواستی هاوڵاتیان دەکەن.
لێرەدا زیاتر لەبارەی ڕێساکانی رەفتار و هەڵسوکەووت بخوێنەوە:
https://eeas.europa.eu/archives/docs/eueom/pdf/declaration-of-principles_en.pdf